ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: بڕیاری هێرشكردنە سەر حەماس لە قەتەر ژیرانە نەبوو
کەژان
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێی وایە بڕیاری هێرشكردنە سەر سەركردەكانی حەماس لە قەتەر ژیرانە نەبووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە زانیاری لێپرسراوانی باڵای ئیدارەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ ئەنجامداوە و سەرەرای ئەوەی زۆر بە توندی قسەی كردوە بە ناتانیاهۆشی راگەیاندووە، بڕیارەكەی بۆ بە ئامانجگرتنی سەركردەكانی حەماس لە ناوخۆی قەتەر، ژیرانە نەبووە.
پێشتریش، ترەمپ رایگەیاندبوو، بە هێرشەكەی ئیسرائیل لە دەوحە دڵخۆش نەبووە.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەتیش لە زاری چەند سەرچاوەیەكی نێو بزوتنەوەی حەماس ئاشكرای كردووە، دوو سەركردەی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكە لە هێرشەكەی ئیسرائیل بریندار بوون و یەكێكیان برینەكەی قورسە، بەڵام ئامادە نەبوون ناوی سەركردە بریندارەكان لەمكاتەدا ئاشكرا بكەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆك وەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر دووپاتیكردەوە كە وڵاتەكەی هەڕەشەكانی ناتەنیاهۆ قبوڵ ناكات و بۆ دیاریكردنی چونێتی وەڵامدانەوەش، لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە ناوچەكەدا لە گفتوگۆ و پەیوەندیدان.