دۆناڵد توسك، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، رایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی شەوی رابردوو ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە، لە بیلاروسیاوە هاتوون، ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی ململانێی ئۆکرانیاوە یەکەمجارە رودەدات. لە بەرامبەردا، مینسک دەڵێت ئەو فڕۆکانەی بەهۆی شەڕی ئەلیکترۆنیی نێوان روسیا و ئۆکراینیاوە لە رێڕەوی خۆیان لایانداوە، خستووەتەخوارەوە.

توسک لە وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتی: "بۆ یەکەمجار، هەندێک لەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە راستەوخۆ لە بیلاروسیاوە گەیشتنە پۆڵەندا".

لەلایەکی دیکەوە، بیلاروسیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی خستووەتەخوارەوە کە بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئەلیکترۆنییەوە لەکاتی ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان روسیا و ئۆکراینیادا لە رێڕەوی خۆیان لایانداوە.

جەنەڕاڵ پاوڵ موراڤیکۆ، سەرۆک ئەرکانی گشتیی بیلاروسیا، لە راگەریەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەمان بە بەردەوامی چاودێریی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان دەکرد کە لە رێڕەوی خۆیان لایاندابوو و هەندێکیان لەسەر خاکی کۆمارەکەمان تێکشکاند".

موراڤیکۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە مینسک، پۆڵەندا و لیتوانیای لە نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام لە بەیاننامەکەیدا دیاری نەکردووە کە فڕۆکەکان سەر بە کام لایەن بوون.