باجی 100٪ بخەنە سەر چین و هیندستان بەهۆی ئەوەی مامەڵە لەگەڵ روسیا دەكەن.

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكییەوە رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا فشار لە یەكێتی ئەوروپا دەكات كە باجی 100٪ بسەپێنن بەسەر چین و هیندستاندا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی  كڕیاری سەرەكی نەوتی روسیان و پشتیوانی بەهێزی ئابوری ئەو وڵاتەن.

ئەوەشی خستووەتە روو، ترەمپ دەیەوێت زیادكردنی رێژەی باجەكە وەك فشارێك بۆسەر ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا بەكاربهێنیت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا وەفدێكی یەكێتی ئەوروپا بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە لە واشنتۆنە و ئەگەر یەكێتی ئەوروپا وەڵامێكی ئەرێنی دۆناڵد ترەمپ بداتەوە، ئەوا ئەمریكاش ئامادەیە باجی هاوشێوە بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا بسەپێنێت.