وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق: توركیا بەڵێنی داوە پشكی عیراق لە ئاو زیادبكات
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق دەڵێت، توركیا بەڵێنی داوە پشكی عیراق لە ئاو زیادبكات.
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەكانی ئاویی عیراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا توركییەكە و لایەنی پەیوەندیداری توركیا ئەنجامداوە، بۆ زیادكردنی پشكی ئاوی عیراق لەلایەن ئەو وڵاتەوە و تێپەڕاندنی قەیرانی ئاو لە عیراق.
ئەوەشی خستەڕو، لایەنی توركیا تێگەیشتنی تەواوی بۆ قەیرانی ئاو لە عیراق هەبووە و بەڵێنی داوە بە زیادكردنی پشكی ئاو عیراق، ئەویش لە چوارچێوەی هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنی هاوبەش و پەیوەندی باشی نێوان هەردوو وڵات.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق دەشڵێت، ئەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەتی عیراق بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری ئەو قەیرانی ئاوەی بەرۆكی وڵاتی گرتووە.




