کۆبونەوەی وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق لە بەغداد لەبارەی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستانەوە کۆتاییهات .

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند ، كۆبونەوەی وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ژووری یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و ژمارەیەک لێپرسراوی وەزارەتی دارایی عیراق لە بەغداد دوای پێنج کاتژمێر کۆتایی هاتووە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی ئەو ناكۆكییانەی كە لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، لەگەڵ دیاریكردنی پشكی حكومەتی ناوەندیی لە داهاتەكان کراوە.

راشیگەیاند، وەفدەکەی هەرێم تائێستا نەگەشتووە بەرێککەوتن لەگەڵ وەفدی حکومەتی عیراق، هەروەها هەفتەی داهاتووش دووبارە وەفدە سەردانی بەغداد دەکاتەوە.

هەربەپێی زانیاریەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، حکومەتی عیراق داوای 50٪ سەرجەمی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە بەرانبەبەریشدا وەفدی حکومەتی هەرێم ئامادەیی نیشانداوە بەپێی یاسا 50٪ی داهاتە نانەوتیە فیدراڵیەکان بە عیراق بدات، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی هەوڵدەدرێت کۆبونەوەکان بگەن بە دەرئەنجام و کێشەکان بەزووی چارەسەربکرێن.