لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاگاداردەکاتەوە کە پرسیار و وەڵامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی ساڵی خوێندنی (2024_2025) رۆژانە بڵاودەکرێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان، قوتابیان و خوێندکاران دەتوانن لەدوای تەواوبوونی هەر تاقیکردنەوەیەک، لە رێگەی لینکێکی دیاریکراوەوە دەستیان بە پرسیار و وەڵامە رەسمییەکان بگات. ئەم هەنگاوە بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ قوتابیان و دڵنیابوونەوەیان لە وەڵامەکانیان نراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە پرۆسەکە بە تاقیکردنەوەی بابەتی (زمان و ئەدەبی کوردی) دەستیپێکردووە و پرسیار و وەڵامەکانی لەسەر هەمان لینک بەردەستە، هەروەها رۆژانە و بەپێی خشتەی تاقیکردنەوەکان، پرسیار و وەڵامی وانەکانی دیکەش دادەنرێت.

وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم لینکە تاکە سەرچاوەیرەسمییە بۆ وەرگرتنی پرسیار و وەڵامەکان و داوا لە قوتابیان دەکات پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی نافەرمی نەبەستن.