سەرۆک کۆمار پێشوازی لە جێگری سەرۆک وەزیرانی مالیزیا دەکات
سام
٢٤ی ئابی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی 8ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە ئەحمەد زاهد حەمیدی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری گەشەپێدانی هەرێمی و ناوچەیی مالیزیا و وەفدی هاوڕێی کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و سڵاوی خۆی بە سەرۆکی مالیزیا گەیاند، هاوکات ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.
سەرۆک کۆمار جەختی لە پەرۆشیی عیراق کردەوە بۆ دروستکردنی هاوبەشیی هاوسەنگ کە لەسەر بنەمای رێزی یەکتری و هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی هەماهەنگی کرد لە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی جێی بایەخی هاوبەش.
سەرۆک کۆمار هەڵوێستەکانی مالیزیای لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەڵەستین و وەستانەوە لەگەڵ گەلی فەڵەستین لە رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی و بەدەستهێنانی تەواوی مافە رەواکانی بەرز نرخاند. هەروەها سەرۆک کۆمار داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر کەرتی غەززە و کۆتاییهێنان بە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکەکەی و کارکردن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و باشترکردنی ناوەندە تەندروستییەکان لە کەرتەکەدا.
لای خۆیەوە، ئەحمەد زاهد حەمیدی سڵاو و رێزی سەرکردایەتیی مالیزیا و پێزانینیانی بۆ سەرۆک کۆمار گەیاند، و شانازیی مالیزیاشی بەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ عیراقدا هەیەتی دەربڕی، لەگەڵ خواستی راستگۆیانە بۆ پەرەپێدانی رێڕەوەکانی هاریکاریی دوولایەنە بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست بکات


