سەرۆک کۆمار لەگەڵ پارێزگار و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کۆبووەوە
محەمەد رزگار
٢٠ی ئابی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سەڵاحەدینی کرد و لەگەڵ بەدر مەحمود ، پارێزگاری سەڵاحەدین و عادل سومەیدەعی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و فەرماندە ئەمنییەکان کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی پارێزگاکە دەربڕی و بە پارێزگایەکی ئازیزی دڵی عیراقییەکانی وەسف کرد، بەهۆی ئەو مێژووە دێرینەی هەیەتی و ئەو قوربانییە گەورانەی کە لە روبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی عیراقدا پێشکەشی کردووە.
سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی کارکردن لەناو پارێزگاکەدا کردەوە لەسەر بنەمای هاوبەشیی کۆمەڵایەتی و بنەمای دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە ململانێی سیاسی، چونکە هیچ گەشەپێدانێکی راستەقینە بەبێ سەقامگیری نایەتەدی و هیچ سەقامگیرییەکیش بەبێ دادپەروەری و شەفافیەت و متمانە لە نێوان هاووڵاتی و بەرپرسدا بوونی نییە.
هەروەها روونیکردەوە کە پێویستە هەماهەنگی و پلاندانان لە نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و خۆجێییدا هەبێت بۆ دانانی پارێزگاکە لەسەر رێگەی بوژانەوە و پێشکەوتن.
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لە پێویستیی دانانی بەرژەوەندیی خەڵکی پارێزگاکە لە سەرووی هەموو شتێکەوە و یەکخستنی هەوڵەکان و وتارەکان و کردنەپێشینەی پرسەکانی پارێزگاکە کە هیچ جێگەیەکی سازشی تێدا نەبێت، هاوکات داوای کرد بودجەی تایبەت بە پارێزگاکە خەرج بکرێت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکرێن.
هەروەها د.لەتیف رەشید، جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانیی سەرۆکایەتیی کۆمار کردەوە بۆ هەر کارێکی دڵسۆزانە کە لە بەرژەوەندیی پارێزگاکاندا بێت، و هەوڵەکانی بۆ ئاسانکردنی بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان، ئاماژەی بە هەوڵەکانیشی کرد لە ئازادکردنی زیاتر لە 15 هەزار راگیراو.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستیی گرتنەبەری رێکاری توند کردەوە بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی پۆست و سامانی گشتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەشێوەیەک کە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی دەستپاکی و شەفافیەت بە باشترین شێوە مسۆگەر بکات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییەی دەکرێتە سەر فەلەستین، هەروەها پێویستیی پشتیوانیکردن لە دۆزی گەلەکەی و مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەسەر خاکی نیشتمانیی خۆی.
لای خۆیەوە، پارێزگار باسی لە رەوشی سەڵاحەدین و دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان و ئەو ئاستەنگانەی کرد کە روبەڕووی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان دەبنەوە، و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆک کۆمار بۆ سەڵاحەدین دەربڕی، و پارێزگاری سەڵاحەدین دووپاتی کردەوە کە سورن لەسەر خزمەتکردنی پارێزگاکە و خەڵکەکەی بەوپەڕی ئەمەک و دڵسۆزییەوە.
هەروەها پارێزگار قەڵغانی پارێزگای سەڵاحەدینی پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کرد وەک رێز و پێزانینێک بۆ سەردانەکەی بۆ پارێزگاکە.







