هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ، تەلئەبیب وردەکاریی پلانی داگیرکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززەی ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئەیال زامیر، پلانەکەی پەسەند کرد و بڕیارە سبەی سێشەممە بیخاتە بەردەم وەزیری بەرگری، یسرائيل کاتس.

سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل لە میانەی سەردانێکیدا بۆ فەرماندەیی باشوور لە غەززە رایگەیاند، قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنی "عربات جدعون" بەم نزیکانە دەستپێدەکات و جەختی کردەوە، سوپای ئیسرائیل هەموو تواناکانی خۆی لە وشکانی و دەریا و ئاسمانەوە بۆ لێدانێکی کوشندە لە حەماس بەکاردەهێنێت.

پلانی داگیرکردنی غەززە

پلانەکە تایبەتە بە گەمارۆدان و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچە کەمانەی کەرتی غەززە کە هێشتا بە تەواوی وێران نەکراون و نزیکەی 25%ی روبەری کەرتەکە پێکدەهێنن.

پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل سەرەتا هێزی وشکانی بنێرێتە پارێزگاکانی غەززە و باکوور بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە باقیی ناوچەکانی دیکەی کەرتەکە دایانببڕێت، دواتر لە چەندین بەرەوە دەست بە هێرشکردن دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، پێدەچێت هێرشە زەمینییەکە بۆ ناو شاری غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری داهاتوودا دەستپێبکات و چوار بۆ پێنج مانگ بخایەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی لە ناوەڕاست و رۆژئاوای شاری غەززە نیشتەجێن.

بەگوێرەی دەنگی ئیسرائیل، لانی کەم 4 فیرقەی سەربازی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار دەبن، کە تێکەڵەیەک دەبن لە لیوا هەمیشەییەکان و هێزە یەدەگەکان. 

هاوکات ئیسرائیل بەنیازە لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشت بکات بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی لە غەززە.