بەرەبەیانی ئەمڕۆ عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی بەیروت.

لاریجانی لە فڕۆکەخانەکەوە رایگەیاند، "خەڵکی لوبنان بۆ ئێمە ئازیزن و لە هەموو رەوشێکدا لە تەنیشتیان دەوەستینەوە".

سەردانەکەی لاریجانی بۆ بەیروت بە ساتێکی "چارەنوسساز" لە مێژووی لوبنان دادەندرێت، بەو پێیەی سەردانەکە "پەیامی سیاسی و ئەمنی گرنگی" هەڵگرتووە.

ئەم سەردانە چەند رۆژێک دوای لێدوانە چارەنووسسازەکانی ئێران دێت، کە رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ داماڵینی چەک لە دەست رێکخراوە چەکدارییەکانی دەرەوەی سوپا رەتدەکاتەوە.

ئەم هەنگاوانەش هاوکاتە لەگەڵ دیمەنێکی ئاڵۆزی ناوخۆی لوبنان، بەو پێیەی هەڵوێستەکان دابەشبوون لە نێوان پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەی حکومەت بۆ چەکداماڵین وەک هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز، لەبەرامبەردا حزبوڵڵای لوبنان رەتیدەکاتەوە.