لەسەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە لە عیراق سەدان کەس بەهۆی مەلەکردنەوە خنکاون
رەوەز فازیل
١٠ی ئابی ٢٠٢٥
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە هاووڵاتیان لە ناوچە جیاوازەکانی عیراق رودەکەنە ئەو ناوچانەیی کە رووبار یاخود چەم و دەریاچەی تێدایە بەمەستی مەلەکردن هەندێکجاریش ئەو سەردانیکردنانە بە کارەسات کۆتایاندێت.
بەپێی زانیاریەکانی وەزارتی ناوخۆی عیراق، لەسەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە لە تەواوی عیراق، زیاتر لە 300 کەس بەهۆی مەلەکردن لە روبارەکان و چەم و دەریاچەکان خنکاون، زۆربەی حاڵەتەکانی خنکانیش لە پارێزگاکانی بەغداد و دیالە و زی قار و سەڵاحەدین رویانداوە، بەهۆی ئەوەی ئەو پارێزگایانە روبارەکان لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانەوە تێدەپەڕن.
هەر بەپێی زانیاریەکانی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، زۆربەی ئەو کەسانەی کە خنکاون هێلەکی فریاگوزاریان لەبەر نەبووە و مەلەیان نەزانیوە، یاخود لە جێگەیەکدا مەلەیان کردوە کە شیاوی مەلەکردن نەبووە و بەهۆی بەهێزی تەوژمی روبارەکانەوە خنکاون.




