بەمزوانە وەزیری وزەی سوریا سەردانی عیراق دەكات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نۆژەنكردنەوەی ئەو بۆریە نەوتەی، كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بە بەندەری بانیاسەوە دەبەستێتەوە.
محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا رایگەیاند، ئەگەر ئەو بۆرییەی کە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بە بەندەری بانیاسەوە دەبەستێتەوە، زیندوو بكرێتەوە، رێگە بە نەوتی عیراق دەدات راستەوخۆ بەرەو سوریا بڕوات و لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، بەوەش لە تێچووی زۆری هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی دەریاوە رزگاری دەبێت.
وتیشی، بۆئەو مەبەستە بەمزوانە سەردانی عیراق دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە گفتوگۆ دەكات لەسەر نۆژەنكردنەوەی ئەو بۆرییە نەوتیەی، كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بە بەندەری بانیاسەوە دەبەستێتەوە.
جەختیشیكردەوە، وەزارەتی وزەی سوریا كار بۆ داڕشتنەوەی كەرتی وزە لە وڵاتەكەی دەكات لە رێگەی دامەزراندنی چەند كۆمپانیایەكی نەوت و كارەبا، هاوشێوەی كۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەنجامدانی گەڕان و بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.
راشیگەیاندوە، بۆری غازی نێوان سوریا و توركیا بەم دواییە نۆژەنكراوەتەوە و لە ئێستادا رۆژانە نزیكەی سێ‌ ملیۆن مەتر سێجا غاز لە رێگەیەوە دەگوزارێتەوە.