راوێژکارێکی سودانی : جرج و مشک 62 ترلیۆن دیناری نەخواردووە
محەمەد رزگار
١ی ئابی ٢٠٢٥
راوێژکارێکی سودانی رەتیدەکاتەوە جرج و مشک 62 ترلیۆن دینار نەختینەی عیراقی خواردبێت و دەڵێت: ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکیان نییە.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەتەوە و باس لەوە دەکەن مشک و جرج 62 ترلیۆن دیناری عیراق خواردووە دوورە لە راستییەوە.
وتیشی، ئامانجی ئەو دەنگۆیە دروستکردنی سەرلێشێواوی و وروژاندنی رای گشتییە، ئەمە شتێکی نالۆژیکییە و هیچ بنەمایەکی نییە.
ئەو راوێژکارەی سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، پارەی نەختینەی عیراق لە 100 ترلیۆن دینار تێناپەڕێت، لە دراوی یەدەگ و مامەڵەپێکراو، بۆیە ئەو دەنگۆیانە لەڕووی ئابوورییەوە مەحاڵە و جێی متمانە نییە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، داواش لە هاووڵاتییان دەکات، هەواڵی لەو جۆرە بڵاونەکەنەوە، چونکە گاڵتەجارییە بە زیرەکی خەڵک و هیچ بەهایەکی ئابوری یان واقیعیان نییە.




