رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، رایگەیاند کە بۆ ئەم مانگە نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە کەرکوک لە نێوان 4500 بۆ 5500 دینار دەبێت، کە بە وتەی خۆی، نزمترین نرخە لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عیراق و هەرێمی کوردستان.

پارێزگاری کەرکوک لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "بۆ ئەم مانگەش بەڵێنەکەمان بردەسەر و نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی لە کەرکوک لە نێوان 4500 - 5500 دینارە."

رێبوار تەها جەختی لەوەشکردووەتەوە، کە لەم مانگەدا کە بە گەرمترین مانگی ساڵ دادەنرێت، لە ساڵانی رابردوودا پێدانی کارەبا کەمبووە و نرخی ئەمپێر بەرزبووە، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە لە کەرکوک جیاوازە.

روونیکردەوە، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاتر بووە و نرخی مۆلیدەش کەمترە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەیە کە بە هاوڵاتیانی کەرکوکیان دابوو.