راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار وردەکاریی دەستگیرکردنی تاوانبار "عەجاج ئەحمەد حەردان" ئاشکرادەکات
رەوەز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٥
پەری نوری، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر هەشتی کوردسات نیوزدا، وردەکاریی دەستگیرکردنی تاوانبارێکی ئەنفالی بە ناوی "عەجاج ئەحمەد حەردان" ئاشکراکرد و رایگەیاند، دەستگیرکردنەکە دوای هەوڵێکی زۆر و کاری هەشت مانگە هاتووە.
پەری نوری راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار وتی: "بە هەوڵی خانمی یەکەمی عیراق و نووسینگەی سەرۆک کۆمار، توانیمان لە رێگەی سەرچاوەکانی خۆمانەوە شوێنی تاوانبار 'عەجاج ئەحمەد حەردان' دەستنیشان بکەین." هەروەها ئاشکرایکرد، "پرۆسەی دەستگیرکردنەکە بە هاوکاریی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئەنجامدراوە."
پەری نوری ئاماژەی بەوەشکرد، تاوانبارەکە بۆ ئەوەی خۆی بشارێتەوە و نەناسرێتەوە، "جوانکاری بۆخۆی کردووە، ئێستا پیر بووە و سەری سپی بووە." وتیشی: "لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، ناوبراو نکۆڵی لەوە دەکات کە خۆی بێت و دان بەو تاوانانەدا نانێت کە ئەنجامی داون."
بەپێی زانیارییەکان، "عەجاج ئەحمەد حەردان" یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارە دڕندەکانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە، کە تێیدا هەزاران هاوڵاتیی کورد لە کارەساتی ئەنفالدا زیندانیکراون و رووبەڕووی ئەشکەنجە و مەرگ بوونەتەوە.
لە چوارچێوەی ئەمەشدا، نووسینگەی خانمی یەکەمی عیراق لە راگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم زیندانیان و کەسوکاری قوربانیان و بێسەروشوێنبووانی دەستی ئەو تاوانبارە کردووە، پەیوەندییان پێوە بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی، تا بە سزای عادیلانەی خۆی بگات.