سەرۆک کۆمار: پێویستە هەڵوێستێکی توند بەرانبەر بە دەستدرێژی و سیاسەتی کوشتن و برسیکردنی خەڵکی غەززە هەبێت
هەساو ئەمیر
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق و باڵیۆزی فەڵەستین کۆبوونەوە و باسیان لەو دۆخە کارەساتبارە کرد کە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و وڵاتەکەدا پێیدا تێپەڕ دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ ئەحمەد ئەلڕوەیزی باڵیۆزی دەوڵەتی فەڵەستین لە عێراق کۆبووەوە و لە میانی دیدارەکەدا، باس لەو دۆخە کارەساتبارە کرا کە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و بە شێوەیەکی گشتی لە فەڵەستیندا پێیدا تێدەپەڕن.
سەرۆک کۆمار جەختی لە هاوپشتیی حکومەت و گەلی عێراق لەگەڵ گەلی فەڵەستین کردەوە و تیشکی خستە سەر پێویستیی یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان و وەرگرتنی هەڵوێستێکی توند بەرانبەر بە دەستدرێژی و سیاسەتی کوشتن و برسیکردنی خەڵکی سڤیل و ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان، هەروەها کارکردن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکی و خۆراکییەکان بە هاوڵاتیان بە شێوەیەک کە پێداویستییەکانیان دابین بکات.

