وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دەکات سەبارەت بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە پرسیاری تاقیکردنەوەکانی زانکۆکانی کەرکوک، موسڵ و دیالە و رایدەگەیەنێت، ئەو هەنگاوە پێچەوانەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی عیراقە.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 26ی تەمموزی 2025 بڵاویکردەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بەوەکردووە، "بەداخەوە، بە بڕیاری ژمارە (6496)ی رۆژی 16ی تەمموزی 2025ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، کە ئاراستەی زانکۆکانی موسڵ، کەرکوک و دیالەی کردووە، فەرمانیکردووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی."

وەزارەتی رۆشنبیری جەختی لەوە کردەوە، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، کە بە گوێرەی ماددەی (4) و بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عیراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی رەسمی وڵاتە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بڕیارەکە پێچەوانەی ماددەکان و ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014ی تایبەت بە زمانە فەرمییەکانی عیراقە، کە لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراق بڵاوکراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا بە روونی ئاماژە بەوە کراوە کە زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی فەرمین لە عیراقدا.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داوا لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عیراق دەکات، "سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێکی نادەستووری لەو شێوەیە بکەن و بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە."