د.لەتیف رەشید: توندوتیژی دژ بە ژنان پێچەوانەی یاسا و ئایینە
محەمەد رزگار
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
لە نوسینگەی عەمار حەکیم حەڤدەهەمین کۆنگرەی رۆژی ئیسلامی بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت، تێیدا سەرۆک کۆماری عیراق وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، دەبێت ژنان تەواوی مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.
سەرۆک کۆمار رایگەیاند، لەم چەند ساڵەی دواییدا دیاردەی توندوتیژی دژ بە مرۆڤ بە گشتی و ژنان بەتایبەتی، بە هۆی ململانێی سیاسی و تیرۆرەوە پەرەی سەندووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی سۆشیال میدیا زیاتر دەرکەوتووە و مەترسی لەسەر یەکریزی پێکهاتەی خێزانی عێراقی دروستکردووە.
لە میانی وتارەکەیدا سەرۆک کۆماری عیراق وتیشی، توندوتیژی دژ بە ژنان پێچەوانەی یاسا و ئایینە و دەبێت هەموو مافەکانیان لەسەرجەم کایەکاندا پارێزراوبێت.
ئاشکراشیکرد، زۆرێک لە ژنانی عیراق، بە دەست سیاسەتی رژێمە دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکان رووبەروی تاڵاوبونەتەوە و سیاسەتی دورخستنەوە و پەراوێزخستنیان بەرانبەر کراوە، بە بیانووی نەبوونی ئەزموون و لێهاتوویی بە سنورداری ماونەتەوە لەو رۆڵەی کە پێیان سپێردراوە، ئەمەش مافەکانیانی زەوت کردووە. ئەوان تووشی چەندین کاری نامرۆڤانە بوون، لەوانە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و نەریتە قێزەونەکانی تری کۆمەڵایەتی.
راشیگەیاند، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین هەنگاوی جدی بەرەو دەرکردنی یاسایەک بنێت کە دادپەروەرانە بێت بەرانبەر بە ژنان و لەگەڵ چوارچێوە دەستوورییەکاندا بگونجێت، لەوانەش پرۆژەی یاسای ئەنجومەنی باڵای بەهێزکردنی ژنان کە ساڵی رابردوو لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکرا.
د.لەتیف رەشید ئەوەشی خستەڕوو، بەشداری سیاسی ژنان کەمترە لەوەی ئاواتی بۆ دەخوازین، هەروەها هیوادارین ژنان هەموو مافەکانی خۆی وەربگرێت وەک هاوبەشێکی سەرەکەی لە بونیادنی کۆمەڵگە و نیشتیماندا.















