بۆ یەکەمجار لەدوای بەپارێزگابوونی سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی هەڵەبجەی کرد و رایگەیاند، دەبێت هەڵەبجە بکرێت بە سیمبولی خەبات و تێکۆشان، نەک بۆ گەلی کورد بەڵکو دژ بە دیکتاتۆرییەت و دژ بە بەکارهێنانی چەک.

ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و رایگەیاند، هەڵەبجە هەر لە کۆنەوە مەڵبەندی رۆشنبیری بووە و ناوچەیەکی ئاوەدان و پێشکەوتوو بووە، لەم شارەدا ژنانیش خەباتیان کردووە بۆ کوردایەتی، خوێندنگەی کچان لە سەردەمێکدا دەستی پێ کردووە کە لە عیراقدا کەم بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵيبجە و شەهیدبوونی هەزاران کەس وایکرد شارەکە لە هەموو روویەکەوە بگۆڕێت، ئێستا هەرچی بکرێت بۆ هەڵەبجە کەمە، دەبێت بیکەین بە سیمبولی خەبات و تێکۆشان نەک بۆ گەلی کورد بەڵکو دژ بە دیکتاتۆرییەت و دژ بە بەکارهێنانی چەک".

سەرۆک کۆماری عیراق راشیگەیاند، نیازی هەیە ئەمساڵ لە بودجەی سەرۆکایەتی کۆمار داوای بودجەیەکی تایبەت بە هەڵەبجە بکات، کە بەدەر بێت لەو بودجەیەی بۆ حکومەتی هەرێم تەرخاندەکرێت، بۆ ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی کۆماردا ئەوەی پێویستە بۆ هەڵەبجە جێبەجێ بکرێت.

باسی لەوەشکرد، پێویستە گرنگی بدرێت بە لایەنی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە هەڵەبجەدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا د. لەتیف رەشید وتی: کارەساتی هەڵەبجەمان لەبیر ناچێت، بەڵام دەبێت هانمان بدات بۆ ئەوەی گرنگییەکی زیاتر بدەین بەم شارە.