وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرۆکوەزیرانی عیراقی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی بەردەوام بن لە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگای تورکیاوە.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە هاتووە، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق ئەنجامداوە و تیایدا باسیان لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەناردەی نەوت و هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان کردووە.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رۆبیۆ باسی لە هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان کردووە، لەناویاندا ئەو کێڵگانەی کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کاری تێدا دەکەن، هەروەها نیگەران بووە لەبارەی ئەوەی چی زووە حکومەتی عیراق هەنگاو بگرێتە بەر بۆ سزادانی تاوانبارەکان و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە.

هاوکات، مارکۆ رۆبیۆ جەختی لە گرنگی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کردووەتەوە بەشێوەیەکی بەردەوام، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگای تورکیاوە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزاری دەرەوەی ئەمریکاشدا هاتووە، کە رۆبیۆ باسی لە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی کردووە کە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە و ئەوەی خستووەتە روو، تێپەڕاندنی یاسایەکی لەو جۆرە هەژموونی ئەو جۆرە گروپانە زیاد دەکات و وادەکات کاریگەریی ئێران و گروپە تیرۆرستییەکان بەسەر ناوخۆی عیراقەوە زیاد ببن.