بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و كەمكردنەوەی پشكی ئاوی عیراق لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، عیراق بە سەخترین قەیرانی كەمئاوی لە دوو دەیەی رابردوودا تێپەڕدەبێت.

عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند، لەسەر ئاستی وەزارەت هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی وشكەساڵی و نەهێشتنی زیادەڕۆییەكانی سەر سەرچاوەكانی ئاو و قەدەغەكردنی كشتوكاڵی وەرزی هاوینە بە ئاوی خواردنەوە.

وتیشی، لەسەر ئاستی پارێزگاكان پێویستە كار بكرێت بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و ژینگەی شەتولعەرەب.

عەون زیاب ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و كەمكردنەوەی پشكی ئاوی عیراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە، عیراق بە سەخترین قەیرانی كەمئاوی لە دوو دەیەی رابردوودا تێپەڕدەبێت، داواشیكرد، توركیا پشكی ئاوی عیراق زیاتر بكات.