کۆمسیۆنی عیراق: چیتر پێویست ناکات پەنجە بکەن بە مۆری دەنگداندا
هەساو ئەمیر
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٥
کۆمسیۆنی عێراق بەکارهێنانی مۆری هەڵبژاردنی بۆ دەنگدان لابرد و ئاماژەی بەوەکردووە، چیتر پێویست ناکات بۆ دەنگدان پەنجە مۆر بکرێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندووە، چەند هۆکارێک لە پشت لابردنی مۆری دەنگدانەوەن، کە سەرەکیترینیان ئەوەیە ئێستا بەکارهێنانی کارتی بایۆمێتری جێگای هەموو ئەوانەی پڕ کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رابردوودا مۆری دەنگدان بۆ ئەوە بەکاردەهات کاتێک کەسێک دەنگ دەدات نیشانەیەکی ناسەرەوەی هەبێت و نەتوانێت بچێتە هیچ وێستگەیەکی دیکە بۆ دەنگدان، وەک بەشێک لە پرۆسەکانی رێگریکردن لە ساختەکاریی.
ئەوەش هاتووە، ئێستا کارتی بایۆمێتری و ئەو ئامێرانەی بەکاردەهێنرێت بۆ دەنگدان، هەروەها بەکارهێنانی کامێرای چاودێری رێگری لە ساختەکاری و دووبارە دەنگدانەوە دەگرن، بۆیە پێویست بە مۆری دەنگدان ناکات، هاوکات، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی پاراستنی نهێنی تاک و کەس نازانێت کە ئاخۆ کێ دەنگی داوە و کێ دەنگی نەداوە.