فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبونەوە
١٩ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەغداد لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و تاوتوێی دوایین لێكتێگەیشتنی نێوان عیراق و هەرێمیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندیدار بە نەوت و موچەی موچەخۆرانی هەرێم كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی د.نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەی د.محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی، گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین لێكتێگەیشتنی عیراق و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە نەوت و موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەختیشكرایەوە، لە گرنگی زمانی گفتوگۆ و دانوستان بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاڵنگارییەكان و پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییانی عیراق لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا.
لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەشدا، فراكسیۆنی یەكێتی چەند داواكارییەكی پەپوەست بە مافی هاوڵاتییان لەسەرجەم چین و توێژە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان گەیاندە سەرۆك وەزیرانی عیراق و ناوبراو رەزامەندی لەبارەیانەوە دەربڕی.

