فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی هێرشەکانەوە بۆسەر بنکە سەربازییەکانی عیراق ئاشکراکرد و رایگەیاند؛ سەرچاوەی هەموو هێرشەکان یەکن و بەوردی دیاریکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون لەو هێرشانەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە سەر چەند بنکەیەکی راداری سەربازی پێکهێنراون و گەیشتوونەتە چەند ئەنجامێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە. 

لیژنەکە ئەم ئەنجامانەی خستەڕوو:

  • سەرچاوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان: دەستنیشانکراوە کە فڕۆکەکان کڵاوەی جەنگییان بە کێشی جیاواز هەڵگرتووە و لە دەرەوەی عێراق دروستکراون.

  • شوێنی هەڵفڕین: شوێنی هەڵفڕینی فڕۆکەکان بە وردی دیاریکراوە و دەرکەوتووە کە لە چەند شوێنێکی دیاریکراوی ناو خاکی عیراقەوە هەڵفڕیون.

  • لایەنە تێوەگلاوەکان: ئەو لایەنانەی لە جێبەجێکردن و هەماهەنگیی ئەم کردەوە دوژمنکاریانەدا بەشداربوون، ئاشکرا کراون.

  • شیکاریی تەکنیکی: شیکارییەکی تەکنیکیی ورد بۆ سیستمی کۆنترۆڵ و پەیوەندیی فڕۆکەکان کراوە، کە وایکردووە لایەنە هەواڵگرییەکان زانیاریی ورد کۆبکەنەوە و پشتگیری لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەن.

  • جۆری فڕۆکەکان: لیژنەی لێکۆڵینەوە دووپاتیکردەوە کە سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژیانەی لە هێرشەکاندا بەکارهاتوون، لە هەمان جۆرن، ئەمەش بە ڕوونی دەریدەخات کە لایەنی جێبەجێکار یەک لایەن بووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هاتووە: کە "ئەم دەستدرێژییە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی نیشتمانییە، و رێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ببات."