سەرۆک کۆمار پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد
رەوەز
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیدارێکدا سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە محەمەد حەسان نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و باس لە دوایین پێشهاتی گۆڕەپانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیانکرا لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان بە شێوەیەک کە ئاشتی ناوچەکە بپارێزێت و هاریکارییەکانی نێوان وڵاتان پەرەپێدەدات.
لە میانی دیدارەکەدا د. لەتیف رەشید پابەندبوونی عیراقی دوپاتکردەوە لە گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە کە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ هێنانەدی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان.
سەرۆک کۆمار هەروەها رۆڵی نەتەوە یەک گرتووەکانی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و بەشداریکردن لە دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ قەیرانەکانی ئێستا، هەروەها پێشخستنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاریکاری نێودەوڵەتی بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە محەمەد حەسان پابەندبوونی نەتەوە یەک گرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لەگەڵ عیراق بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا و پاڵپشتیکردنی بەرنامە و دەستپێشخەرییەکان بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا.