سەرۆک کۆمار پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی روداوەکەی واست کردووە

هەساو ئەمیر

١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥

سەرۆک کۆماری عیراق پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی روداوەکەی پارێزگای واست کردووە و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی سەلامەتی لەکاتی دروستکردنی باڵەخانەکاندا، رێگە نەدەن ئەو جۆرە روداوانە دووبارە ببنەوە.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاندووە، "بەداخەوە هەواڵی ئەو روداوە بەئازارەی پارێزگای واستمان پێگەیشت، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین، هیوادارین خودا ئارامییان پێببەخشێت و شیفای بریندارەکانیش بدات".

سەرۆک کۆمار جەختی لە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری روداوەکە و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەمبوون؛ کردووەتەوە.

داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەدواداچوون بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێکارە پیشەییە سەلامەتەکان لە باڵەخانەکاندا، بۆ ئەوەی رێگربن لە دووبارەبوونەوەی روداوی بەئازاری لەو جۆرە".

بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە مۆڵێکی پارێزگای واست کەوتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.

نوێترین هەواڵەکاننوێترین هەواڵەکان

رابەری باڵای ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریكا و ئیسرائیل و دەڵێت، لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ ئێران وەڵامی دەستبەجێ و راستەوخۆی بۆ هەر هێرشێك دەبێت و هیچ جوگرافیایەكیش هێڵی سوور نابێت بۆ وەڵامدانەوەكان.

ئاژانسی هەواڵی" تەسنیم"ـی ئێرانی بڵاویكردەوە، موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران تایبەت بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ، لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی كۆبووەتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا خامنەیی جەختیكردەوە لە ئامادەباشی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان، بڕیاریشدا هەر جۆرە هێرشێك بكرێتەسەر ئێران، هێزە چەكدارەكانی ئێران وەڵامی دەستبەجێ و راستەوخۆیان هەبێت بەبێ سنوورداركردنی جوگرافی.

هەروەها، خامنەیی بڕیاریدا لیستی ئامانجی هێزە چەكدارەكانی ئێران نوێ بكرێتەوە و زۆرترین بەرژەوەندیی و سەربازگە و بنكەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكە بگرێتەوە، رێنماییشدا بۆ فراوانكردنی زانیاری سەربازی و پتەوكردنی بەرگری ناوخۆ لەسەر هەموو ئاستەكان، بە پشتبەستن بە تەكنەلۆژیای نوێ.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەشدا، خامنەیی جەختیلەوەكردەوە، ئەگەر جەنگی دژی ئێران دەستپێبكاتەوە ئەوە هێزە چەكدارەكان و گەلی ئێران مەرجەكانی كۆتاییهاتنی جەنگ دیاریدەكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت؛ دید و تێڕوانینی یەکێتی بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و پێکهێنانی حکومەتێکی شەراکەتی راستەقینەیە کە رەنگدانەوەی کۆی هاوسەنگییە هەستیارەکانی حوکمڕانی بێت.

لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سەرەڕای بوونی قسە و گفتوگۆ، بەڵام تا ئێستا هەنگاوەکان نەگەیشتوونەتە قۆناغێکی دڵخۆشکەر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەوەی لایەنی بەرانبەر تا چەند هەنگاو بێتە پێشەوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پێویستە هێزە کوردییەکان لە بەغداد یەکدەست و یەکگرتوو بن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و چەسپاندنی پشکی کورد لە بودجەی عیراقدا.

لوقمان وەردی جەختیشیکردەوە، ماف و دەستوری خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک سازشی ناکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نیگەرانییە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەرانبەر ئەگەری دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بۆردومانی خێرای ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە هەڵکشاندایە؛ بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی، تەلئەبیب مەترسیی هەیە هێرشە خێراکانی واشنتۆن نەبنە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاران و لەناوبردنی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

سەرکردایەتیی سەربازیی ئیسرائیل نیشانەی نیگەرانیی بەرانبەر ئەگەری هەڵمەتێکی بۆردومانی خێرای ئەمریکا بۆ سەر ئێران نیشان دەدات، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەفتەی داهاتوودا، تێڕوانینی ئیسرائیل وا کە ئەو جۆرە هێرشە ناتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێران بهێنێت و ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل بپێکێت.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "هارتس"ـی ئیسرائیلی، لێپرسراوانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەنجامدانی لێدانە سەربازییەکان، بەرەو ئیمزاکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ تاران هەنگاو بنێت؛ ئەمەش وەک ئەوەی لە دوو گەڕی هێرشەکانی پێشتریدا رویدا، وا لە ئێران دەکات توانای بەرگریی خۆی زۆر زیاتر لە رابردوو بەهێز بکاتەوە.

ئەم ئاگادارییانە ئاشکرای دەکەن کە ناکۆکی لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکادا هەیە لەسەر ئەو ئامانجانەی پێویستە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێدا بپێکرێن.

لە کاتێکدا بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێران و تێکدانی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووەتە ئامانجی سەربازیی خۆی، واشنتۆن تەنها هەوڵی ئەوە دەدات دەستکەوت و سازش لە تاران وەربگرێت سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەروی هورمزدا.

رۆژنامەی "هارتس" ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە گومانیان لەوە هەیە هەڵمەتێکی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا کە چەند رۆژێک بخایەنێت، بتوانێت دەسەڵاتی ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات، چ جای ئەوەی ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی.

تەنانەت هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن کە هێرشە نوێیەکان لە باشترین حاڵەتدا تەنها دەبنە هۆی دواخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران؛ چونکە تاران شوێنە هەستیارەکانی بەهێز کردووە و تا ئێستاش توانای ئەوەی هەیە بنکە و ژێرخانە تێکچووەکانی جارێکی تر دروستبکاتەوە و زیانەکانی سیستمی بەرگریی خۆی پڕبکاتەوە.

فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل کابینەی حکومەتەکەیان ئاگادارکردووەتەوە کە بەشداری کردن لە هەڵمەتێکی سەربازیدا بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە لەسەر ئامانجی روون و هاوبەش، رێگە بە واشنتۆن دەدات بەپێی مەرجەکانی خۆی لە جەنگەکە بکشێتەوە بەبێ گوێدانە ئیسرائیل، بەمەش ئیسرائیل لە جەنگێکی کراوە و بەبێ کاتپێویستدا دەمێنێتەوە کە تێچووی سەربازی و ئابوریی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت.

لێپرسراوانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێن کە ئێران توانای خۆڕاگریی بەردەوامی هەیە بەرانبەر بە لێکەوتەکانی جەنگ و گۆڕەپانی گەمارۆی دەریایی بۆ ماوەی دوو ساڵی تریش، بەمەش دەتوانێت تا کۆتایی هاتی خولی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا خۆی رابگرێت بەبێ دەستبەرداربوون لە ئامانجە سەرەکییەکانی.

لە لایەکی ترەوە، دارێژەرانی پلانی سەربازیی ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێن کە بەدەستهێنانی پشتگیریی جەماوەری بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی'کنێست'ـی ولاتەکەی، کارێکی ئاسان نابێت.

مەترسییەکانی ئیسرائیل لە خێرایی بووژانەوەی تواناکانی ئێران

بەپێی راپۆرتەکە، لێپرسراوانی بەرگریی ئیسرائیل بەردەوام سەرسامیی خۆیان دەربڕیوە بەرانبەر بەو خێراییەی کە ئێران توانیویەتی تواناکانی بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی نۆژەن بکاتەوە دوای هەر هەڵمەتێکی بۆردومانی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە.

زانیارییەکانی ناو راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، یەدەگی موشەکیی ئێران لە نێوان جەنگی حوزەیرانی 2025 و شوباتی 2026 دا نزیکەی دوو بەرانبەر زیادی کردووە و گەیشتووەتە رێژەی دوو هەزار و 500 موشەک.

ئاژانسەکانی هەوال ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی ئێران بەرکەوتەی زیاتر لە 20 هەزار لێدانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بووە، بەڵام تا ئێستاش خاوەنی سەدان و هەزاران موشەکە و توانای داخستنی گەروی هورمزی هەیە.

هەروەها تاران سودی لە سەقامگیرییە کاتییەکان وەرگرتووە بۆ دووبارە پڕکردنەوەی کۆگاکانی سەربازی و بەهێزکردنی بەرگرییەکانی خۆی بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ئەگەرێکی نوێدا.

هاوکات، کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل سەرجەم ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران تەواو کردووە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سوپای ئیسرائیل لە "ئامادەباشیی بەرزدایە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران"، و روونیکردووەتەوە کە ئیسرائیل پێیوایە هەڵمەتی سەربازیی داهاتوو زۆر دەخایەنێت.

کەناڵەکە ئاشکراشیکردووە، ئەم گرژییانە لە کاتێکدا روو دەدەن کە ئیسرائیل لە ناوخۆدا لە رەوشێكی ئاڵۆزی سیاسی و پشێویدایە، هاوکات لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکانی ئەمریکا؛ ئەم هۆکارانەش بەیەکەوە بڕیاردەرانی ئیسرائیلیان لەبەردەم رێڕەوێکی زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوەدا داناوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە