بافڵ جەلال تاڵەبانی و سودانی لەسەر پرسی موچە کۆبونەوە
رەوەز
١٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغداد پێشوازی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد و تاوتوێی کێشەی موچەی هەرێم و رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیانکرد.
لە راگەیەندراوێکی نوسینگەی محمەد شیاع سودانی دا هاتووە؛ لە دیدارەکەدا تاوتوێی کۆمەڵێک پرس و دۆسیەی نیشتمانی کرا، بە تایبەتی پرسی رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان و موچەی فەرمانبەرانی. هەردوو لا گرنگی هەماهەنگی و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانیان بەدی کرد.
سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختی لەسەر پێویستی کارکردن بە گوێرەی چوارچێوە دەستوری و یاساییە کارپێکراوەکان کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەم بارەیەوە کرد. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵانەی کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستوری بۆ کێشەکانی هەرێم و ناوەند دەبێت.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوە؛ لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و هەردوو لا گرنگی ئەوەیان دەرخست کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گوزارشت لە خواستی راستەقینەی گەلی عیراق بکات، ئەمەش لە رێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانیانەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.
سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغداد دوای کۆبوونەوەی دوێنێی یەکێتی و پارتی دێت لە پیرمام.