وتەبێژی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عیراق: هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکان هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو عیراق
رەوەز
١٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ ئەمە نوێنەرایەتی مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندی عیراقییەکان دەکات، هەروەها بە دەستدرێژیکردنە سەر هەوڵەکانی دەوڵەت لە چەسپاندنی سەقامگیری و پێشخستنی گەشەپێدان ناوی دەبات.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، دوو کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کرانە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی ئەو هێرشانەی کردوو رایگەیاند؛ سروشت و کاتی ئەم کردەوە تاوانکارییانە ئاماژەیەکە بە بوونی نییەتی خراپ، کە ئامانج لێی تێکدانی رەوشی عیراق و زیانگەیاندنە بە دامەزراوە گرنگەکانی.
لە راگەیەندراوەکەی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دا هاتووە؛ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و فراوان دەستپێبکەن بۆ دەستنیشانکردنی لایەنەکانی پشت ئەم هێرشانە و گرتنەبەری رێوشوێنی توند لە دژی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون بەبێ هیچ دوودڵی و نواندنی نەرمییەک.