سەرۆک کۆماری عیراق و باڵیۆزی تورکیا کۆبوونەوە و د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەکرد،. رێککەوتنی نێوان پەکەکە و تورکیا بنەمایەکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە عیراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و رێککەوتنی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' و تورکیا و پرۆسەی چەک دانانی بەرز نرخاند.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بنەمایەکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا .

باڵیۆزی تورکیاش ئەوەی خستە روو، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان گەشەسەندنێکی ئەرێنی بەخۆوە دەبینێ لە بوارە جیاجیاکاندا.