وەزیری نەوت: لەسەر زۆرینەی كێشەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن
لاوان
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، لەسەر زۆرینەی كێشەكان بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن تەنها رێژەی بەكارهێنانی ناوخۆیی نەبێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە پێویستە حكومەتی هەرێم رۆژانە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات تاكو لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بە بازاڕبكرێت.
ئەوەشی خستەڕو، لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر زۆرینەی كێشەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن، تەنها رێژەی بەكارهێنانی ناوخۆیی نەبێت، كە حكومەتی عیراق ئامادەیە رۆژانە 46 هەزار بەرمیلی نەوت بداتە هەرێم و لەبەرانبەردا حكومەتی هەرێم داوای 65 هەزار بەرمیل دەكات، ئەوەش پێشێلكردنی یاسای بودجەیە.
وەزیری نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و بە بازاڕكردنی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، دەوڵەتی توركیاش ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە و لەئێستادا تەنها چاوەڕێی حكومەتی هەرێم دەكەن نەوت رادەستی سۆمۆ بكات.
وتیشی، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، حكومەتی عیراق رۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە پشكی خۆی لە رێكخراوی ئۆپێك لەدەستدەدات و هیچ سوودێكیش لەو بڕە نەوتە نابینێت.