عیراق پێشوازی لە هەنگاوەكەی پەكەكە بۆ لەناوبردنی چەك دەكات
یەحیا
١١ی تەمووزی ٢٠٢٥
عیراق پێشوازی لە هەنگاوەكەی پەكەكە دەكات سەبارەت بە لەناوبردنی چەك و هیواخوازە ببێتە هۆی پاراستنی سەروەری عیراق و توركیا.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئەم هەنگاوەی پەكەكەی بە پێشهاتێكی گرنگ وەسف كردووەو دەڵێت، ئەم هەنگاوە دەرفەتێكی راستەقینەیە بۆ پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان بەرەو ئاشتەوایی بەردەوام لە ناوچەكەدا.
هەروەها وەزارەتەكە پشتیوانی تەواوی عیراق بۆ ئەم پرۆسەیە دەردەبڕێت و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم هەنگاوە رێگە خۆشدەكات بۆ قۆناغێكی نوێی هاوكاریی بنیاتنەر لەگەڵ توركیای دراوسێ لەسەر بنەمای هاوبەش بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكان، بەمەش سەروەری عیراق و توركیا پارێزراو دەبێت و ئاسایش و سەقامگیری فەراهەم دەكات.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هیوای ئەوەشی خواستووە كە ئەم دەستپێشخەرییە بەشداربێت لە داخستنی لاپەڕەی گرژییە سیاسی و ئەمنییەكان و ببێتە خاڵی دەستپێك بۆ گفتوگۆیەكی بەرپرسیارانەی ناوچەیی.