سەلیم جبوری: هەستێك لەنێو سوننەدا هەیە كە لایەنێكی سیاسی هەیە لە قۆناغی داهاتوودا نامێنێت
١٠ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە 11ی 11 ئەمساڵ بەرێوەبچێت، پێویستی بە ئامادەكاری زۆر هەیە، هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد كە لە ماوەی داهاتوودا لایەنێكی سیاسی لە گۆرەپانی سیاسی نامێنێت.
سەلیم جبوری، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عیراق لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ میدیاكانی عیراق رایگەیاند، هەڵبژاردنەكان پێویستیان بە ئامادەكاری زۆر باش هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەستێك لەنێو سوننەدا هەیە كە لایەنی سیاسی هەیە لە قۆناغی داهاتوودا بەهۆی گۆڕانی هەلومەرجی ناوچەكە لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا بونی نامێنێت، راشیگەیاند، هێزە سیاسییەكان ناچاردەبن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە نوێدا بكەن كە لە ناوچەكەدا زاڵ بووە.
سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا كە هیچ گۆڕانكارییەك نابێت رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكات، وتیشی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت لە رێگای هەڵبژاردنەوە گۆڕانكاری لە عیراقدا بەدیبهێنرێت.
جبوری جەختی لەسەر پێویستی چاودێریكردنی ئەو كەسانە كردەوە كە هەوڵ دەدەن دامەزراوە سەربازییەكان لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بۆ خۆیان بەكاربهێنن.