وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، زیادكردنی پشكی ئاوی عیراق لەلایەن توركیاوە رێگەخۆشكەرە بۆ فراوانكردنی رووبەرە كشتوكاڵییەكانی عیراق.

مەهدی سەهسر، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، لەكاتی ئامادەكردنی پلانی هاوینەی ئەمساڵ بۆ كشتوكاڵكردن پشت بە ئاوی كۆگاكراو بەستراوە، بەڵام بەهۆی وشكەساڵییەوە ئاستی ئاوی كۆگاكراو بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمتربووە، بەوهۆیەشەوە لە پلانی ئەمساڵدا پشت بە چاندنی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانە بەستراوە كە ئاوی كەمیان پێویستە بۆ گەشەكردن.

ئەوەشی خستەڕو، زیادكردنی پشكی ئاوی عیراق لەلایەن توركیاوە، رێگەخۆشكەرە بۆ زیادكردنی رووبەرە كشتوكاڵییەكان لە پلانی هاوینەی ئەمساڵدا.

ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، لەسەر داوای حكومەتی عیراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رەزامەندی نیشاندا لەسەر زیادكردنی پشكی ئاوی عیراق و بەردانەوەی، 420 مەتر سێجا ئاو لە چركەیەكدا بۆ هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات لە عیراق بەربداتەوە.