فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەداتەوە
محەمەد رزگار
٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت: تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی عیراقی بە هیچ بیانوویەک قبوڵ ناکرێت و ئیدانەی دەکەین.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەبێ بەڵگە دامەزراوەیەکی عیراقی بە هێرشکردنە سەر هەولێر تۆمەتبارکردووە و تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بەهەموو شێوەیەک رێگە پێنەدراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکوومەتی فیدراڵ بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دووپاتی کردەوە کە لەسەر حیسابی رۆڵەکانی عیراقێکی یەکگرتوو و ئاسایشیان سازش ناکات، هەروەها درێغی ناکات لە گرتنەبەری یێکاری یاسایی توند بەرانبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری یان تێکدانی ئاسایش لە سەرانسەری عیراق بدات.
جێگەی ئاماژەیە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دوێنێ لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر هەرێمی کوردستان لەرێگەی درۆنەوە، لەلایەن هەندیک گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجام دەدرێن.