فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق دەنگۆی جوڵەپێكردنی هێزێكی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی لەسنوری ئیدارەی گەرمیان رەتدەكاتەوە و دەڵێت ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستیەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بەفەرماندەیی عیراق رایدەگەیەنێت، هیچ جموجووڵێكی نائاسایی لە كەركوك و دەوروبەری نییەو هەرچی بووە بە هەماهەنگی بووە.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، گۆڕانکاری و گرفتەکانی ئێستا پێویستیان بە هاوئاهەنگی و هاوكاریی هاوبەش هەیەو پێویستە میدیاكانیش خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسی لەوەش كردووە، هیچ جموجۆڵێكی ئەمنی تاكلایەنە لەو ناوچە سنوریانە لەلایەن هیچ هێزی سەربازییەوە نەبووە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش بۆ پاراستنی ناوچە سنوریەكان بەردەوامییان هەیە.