موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتیمانی شیعە هەڵوێستی خۆی لەبارەی بایكۆتی هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی یەكلاكردەوە و جەختدەكاتەوە تا مانەوەی میلیشیا و چەكی دەرەوەی دەوڵەت بایكۆت بەردەوام دەبێت.

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتیمانی شیعە لە نوسراوێكدا كە بەخەتی سور ناوی خۆی نوسیوە و ئیمزای لەسەركردەوە، جەختی لە بەردەوامی بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی كردووەتەوە.

دەشڵێت، تا مانەوەی میلیشیا و چەكی دەرەوەی دەوڵەت و بەهێزكردنی سوپا و پۆلیس و سەربەخۆیی عیراق بایكۆت بەردەوام دەبێت.

هەڵوێستەكەی سەدر دوای ئەوە دێت بەپێی زانیاری میدیا عیراقیەكان سودانی لەگەڵ بەرپرسانی كۆمیسیۆن گفتوگۆی دەستپێكردووە بۆ دۆخێكی یاسایی بدۆزنەوە و كاتێكی نوێ دابنێن كە كەسی دیكە خۆیان كاندید بكەن، ئەمەش بە مانای هەلێكی دیكەیە بۆ موقتەدا سەدر تا بگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و دووبارە رۆڵ بینین لە سیاسەتی عێراقدا.