سەرۆكی روسیا و سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا پرسی راگەیاندنی ئاگربەستیان لە ئۆكراین و گرفتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران یان تاووتوێ كرد و جەختیان لە گرتنەبەری رێكاری دیبلۆماسی كردەوە.

كۆشکی سەرۆكایەتی روسیا-كرملن رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمێر پوتن پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و دەربارەی دواین پێشهاتەكانی ئۆكراین و ئێران و سوریا و ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەیانکرد.

یاریدەدەری سەرۆكی روسیا وتیشی: پوتن و ترەمپ چەندین پرسی گرێدراوی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاووتوێ كردووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، پوتن بە ترەمپی وتووە، پێویستە لەڕێی چارەسەری دیبلۆماسیەوە كۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنرێت، پێشی وتووە، روسیا دەستبەرداری ئامانجەكانی خۆی لە ئۆكراین نابێت، بەڵام ئامادەن دەست بە دانوستاندن بكەنەوە.

لەبارەی پرسی ئێرانیشەوە پوتن جەختی كردووەتەوە پێویستە دەست بە دانوستان بكرێتەوە و چارەسەرێكی كۆتایی بدۆزرێتەوە و رێككەوتنی ئەتۆمی ئەنجام بدرێت.