كەمبوونەوەی ئاو لە بەسرە ئاستێكی پێوانەیی تۆمار كرد
یەحیا
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
پارێزگاری بەسرە رایدەگەیەنێت، كەمبوونەوەی ئاو لە پارێزگاكە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و تا ئێستا لە مێژووی عیراقدا تۆمار نەكراوە.
ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە رایگەیاند، بڕی ئاوی گەیشتوو بە شارەكە كەمترین رێژەیە لە مێژووی عیراقدا كە تۆمار كراوە، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات و گرتنەوەی ئاوی روباری كاروون لەلایەن ئێرانەوە كە دەڕژێتە ناو شەتولعەرەب.
لێدوانەكەی پارێزگاری بەسرە دوای ئەوە دێت كە ماوەی چەند رۆژێكە چین و توێژەكانی ئەو پارێزگایە لەدژی كەمی ئاوی پاك دەستیان بە خۆپیشاندان كردووەو داوای چارەسەری بەپەلە دەكەن، ئیدارەی پارێزگاكەش بڕیاریداوە لەڕێی تانكەرەوە ئاو بگەیەننە هەموو ناوچە بێ ئاوەكان.