دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران تەواوی ئەو ئامانجانەی بەدیهێناوە کە وڵاتەکەی دەستی بۆ دەبرد، بەتایبەت رێگریکردن لە تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و کردنەوەی گەروی هورمز.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دوابەدوای ئەم رێککەوتنە، نرخەکانی نەوت بۆ ئاستێکی بێپێشینە دابەزینیان بەخۆوە بینیوە و ئەگەر ئەم رێککەوتنە ئیمزا نەکرایە، گەروی هورمز نەدەکرایەوە و بۆردومانەکانیش بەردەوام دەبوون.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە، دوو رۆژی رابردوو کاتێکی یەکجار سەخت بووە و بە رونی بە ئێرانییەکانیان راگەیاندووە کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئەوا بۆ شەوی دووەمیش بۆردومانیان دەکەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا وتویەتی؛ کۆتاییان بە سەرکردەکانی ئێران و هێزی دەریاییەکەیان هێنا، بەڵام نەیدەویست ببینە شاهیدی قەیرانێکی ئابووری، بۆیە ئەم رێککەوتنەی ئیمزا کرد بۆ ئەوەی رێگری لە کارەساتێکی ئابوری گەورە بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە لوتکەی گروپی حەوت (G7)دا، وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان تاوتوێ کردووە و ئەوانیش یەکجار دڵخۆشن بەم هەنگاوە، دوو رۆژی رابردووش دەرفەتێکی باش بووە بۆ قسەکردن لەگەڵ نزیکترین دۆستەکانی لەبارەی رێککەوتنەکەوە.
ترەمپ گەشبینی خۆی نیشانداوە، کە لەمەودوا سەرکردەکانی ئێران بە شێوازێکی تەواو جیاواز رەفتار دەکەن و ناگەڕێنەوە بۆ کارەکانی رابردویان و جەختی لەوە کردوەتەوە، ئەگەر دەستوەردانی ئەو نەبووایە، ئێران تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیلی لەناودەبرد.