كەشناسی عیراق: لە دوو رۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە
٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی عیراق لە دوو رۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە، شارەزایەكی كەشناسیش پێشبینی دەكات پلەی گەرما لە چەند شارێك بگاتە 50 پلەی سیلیزی.
دەستەی كەشناسی عیراق بڵاویكردەوە، پێشبینی دەكرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزببنەوە و شەپۆلێكی سوكی خۆڵبارانیش چەند ناوچەیەك بگرێتەوە.
سادق عەتیە شارەزای بواری كەشناسیش رایگەیاندووە، رۆژانی شەممە و یەكشەممە شەپۆلێكی گەرمای بەهێز بەشێك لە شارەكانی عیراق دەگرێتەوە، بەشێوەیەك پێشبینی دەكرێت بگاتە 50 پلەی سەدی، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی بەسرە و ناسریە و عەممارە و چەند ناوچەیەكی تری عیراقی، وتیشی، لە رۆژی دووشەممەوە پلەی گەرما دادەبەزێت و رەوشی كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.