وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی تەنها بۆ كۆتاییهێنان بوو بە دانوستانە دیپلۆماسییەكان و فراوانکردنی ناوچەی شەڕ، بەڵام دەبێت باجی ئەوە بدات.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، ئێستا دەبێت هەموو جیهان بزانێت كە ئێران تەنیا بەرگری لە خۆی دەكات و تەنها لە دژی ئیسڕائیلیش وەڵامی هەبووە نەك ئەوانەی كە هاوكارییان كردووە.

عێراقچی نوسیویەتی: ئێران هەمیشە پابەند بووە بە بەڵێنەكانی، ئەوان هەرگیز بەدوای چەكی ئەتۆمەوە نەبوون و ناشبن، وتیشی ئەوەی ئیسرائیل دەڵێت تەنها بیانوە بۆ ئەوەی هێرشبكاتە سەر وڵاتەكەیان و دانوستانە دیبپۆماسیەكان شكست پێبهێنێت.

جەختیشیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەوان هێشتا پابەندن بە دیپلۆماسی و وەكو ڕابردوو لە هەڵوێستەكانیاندا جددین.

وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، ئیسرائیل تەنها ئامانجیەتی وڵاتانی دیكە بهێنێتە ناو ململانێكانەوە چونكە خۆی بە تەواوەتی لاواز بووە.

لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رۆژی چوارشەممە بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئێران بڵاوی کردەوە کە ئێران پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بەم زووانە قبوڵ دەکات.