ترەمپ: ناتوانین رێگە بە ئێران بدەین ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئەمریكا هۆشداریی دەدات لە ئەگەری هێرشی ئێراندا بۆ سەر ئیسرائیل بەرگری لە ئیسرائیل دەكەن و سەرەڕای ئالۆزتربوونی گرژییەكان دەڵێت، رێگریكردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی وەك كاری لەپێشینەی ئەمریكا دەمێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز رایگەیاند، چاوەروانی وەلامی ئێرانن بەلام ئەگەر پێویست بكات بەرگری لە ئیسرائیل بكەن.
وتیشی: ناتوانن رێگە بە ئێران بدەن ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و هیواشی خواست بتوانن بە زووترین كات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئەوەش لە كاتێكدایە، بەربەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێكی سەربازی فراوانی بەناوی "شێری بەئاگاهاتوو" ئەنجامدا و تێیدا هێرشیكردە سەر چەندین دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران و بەهۆیەوە ژمارەیەك سەركردە و لێپرسراو و فەرماندە و زانای ئەتۆمی وڵاتەكە كوژران.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكاش (سێنتكۆم) رایگەیاند، هێزەكانیان خستووەتە ئامادەباشی تەواو و وەڵامی هەر هێرشێكی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانیان دەدەنەوە و ئیسرائیلیش دەپارێزن.