دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی موشەکی کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی و زانای ئەتۆمی گیانیان لەدەستدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە 200 فڕۆکەی جەنگی 100 ئامانجیان پێکاوە.
درەنگانی شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی موشەکی بۆسەر چەندین ناوچەی ئێران و تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوون دەست پێ کرد. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، 200 فڕۆکەی جەنگیی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە.
چەندین فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژراون
بەهۆی هێرشەکانەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا ئێرانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، عەلی شەمخانی راوێژکاری یەکەمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، سەرۆک ئەرکانی ئێران، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و شەش زانای ئەتۆمی دیکە کوژراون، ئەوە جگە لە کوژران و برینداربوونی چەندین هاووڵاتی مەدەنی.
سوپای ئیسرائیل: دڵی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان کردە ئامانج
لەو بارەیەوە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشی پێشوەختەمان بۆسەر ئێران ئەنجامدا و هێرشمان کردە سەر دڵی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
سوپای پاسدارانیش رایگەیاندووە، وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی خۆیان دەزانن و بەمزووانە هێرش دەکەنەوە سەر ئیسرائیل.
لە هەژماری رەسمی خۆشی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: لەبیرتان بێت، ئێمە دەستپێشخەریمان نەکرد.
لەلایەکی دیکەوە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل چارەنووسێکی تاڵ و پڕ لە ئازاری بۆ خۆی ئامادە کرد و بە دڵنیاییەوە وەریدەگرێت.
حکومەتی ئێران: ئیسرائیل یاری بە کلکی شێر دەکات
لە درێژەی کاردانەوەکانی هێرشەکەی ئیسرائیلیشدا حكومەتی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ئێران یاریكردنە بە كلكی شێر، ئەو دەسەڵاتە ناشەرعییە پابەندی هیچ رێسا و یاسایەك نییە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئێران لە دوو سەد ساڵی رابردوودا هەرگیز دەستپێشخەری هیچ شەڕێكی نەكردووە، بەڵام لە بەرگریكردن لە زێدی خۆی درێغی ناكات.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، تاران بەشداری لە دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوودا؛ ناکات. کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران، خولی حەوتەمی دانوستانەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەست پێ بکات.