ئەمریکا دەڵێ پێنجشەممە و ئێران دەڵێ یەکشەممە... کەی ئێران و ئەمریکا کۆدەبنەوە؟
رەوەز
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
تا ئێستا ئەمریکا و ئێران لەسەر خولی شەشەمی دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکانی نێوانیان پێوەند بە بەرنامە ئەتۆمیەکەوە رێک نەکەوتون و هاوکات لێدوانی لێک دژیش دەدەن.
لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەمریکا و ئێران پێنجشەممە دانیشتنێکی نوێ ئەنجام دەدەن، لە هەمان کاتدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند کە خولی شەشەم یەکشەممەی داهاتوو لە مەسقەت ئەنجام دەدرێت.
بەقایی وتیشی کە تاران بەم زووانە لە رێگەی سەڵتەنەتی عومانەوە پێشنیازێک پێشکەش بە لایەنی ئەمریکی دەکات، و پێشنیازەکەشی بە پێشنیازێکی لۆجیکی و باش وەسفکرد.
تا ئێستا ئێران و ئەمریکا بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ ئەو رێکەوتنەی ساڵی 2015 ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا وازی لێ هێنا لە 12ـی نیسانی رابردووەوە پێنج خولی دانیشتنیان ئەنجام داوە.
گرفتی سەرەکی نێوان ئەمریکا و ئێران
مەسەلەی بەرهەم هێنانی یورانیۆم گرفتی سەرەکی نێوان هەردو وڵاتبووە. ئێران پێداگری لەسەر مافی بەرهەم هێنانی یورانیۆم لەسەر خاکی خۆی دەکات لە کاتێکدا حکومەتی ئەمریکا بەرهەم هێنانی بە "هێڵی سوور" دەزانێت.
تاران هەفتەی رابردوو روونی کردەوە کە پێشنیازە ئەمریکیەکە کە لە رێگەی عومانەوە وەریگرتووە "گەلێک ناروونی" لەخۆدەگرێت.
لە هەمان کاتدا، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوە دەربارەی چالاکییەکانی ئێران دەکات، کە چاوەڕوان دەکرێت بڕیارێک دەربکات کە ئەو چالاکییانە محکوم بکات و دوێنێش رافائیل گروسی بەرێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، تا ئێران یارمەتی ئاژانسەکە نەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، ئاژانس ناتوانێت دڵنیایی بدات دەربارەی ئەوەی کە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران ئاشتیانە دەبێت.