دۆناڵد ترەمپ باس لە سەرۆکی چین دەکات و دەڵێت، پیاوێکی باشە و سەرسامیم، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵیدا کارێکی ئەستەمە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، سەرسامی شی جین بینگی سەرۆکی چینم، پێشتر سەرسامی بووم و سەرسامیشی دەبم، بەڵام پیاوێکی زۆر توند و سەرسەختە، ئەستەمە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.

هەر دوو خولەک پاش ئەوەش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروز' نووسیویەتی، لەمێژووی 30 ساڵی رابردوویدا ویلایەتە یەکگرتووەکان باشترین مانگی ئایاری هەبوو، جارێکی دیکە ئەمریکا دەبێتەوە بە مەزن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ململانێکانی نێوان چین و ئەمریکا لە رووی ئابوورییەوە بەردەوامی هەیە، بەتایبەت لە ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا بەخولی یەکەم و ئێستایەوە، ئەمساڵیش جێبەجێکردنی یاسای باجی گومرگی ترەمپ گرژی لەنێوان پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا زیاتر دروست کرد.

هەر لێدوانێکی نوێ لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت و زێڕ هەیە، بەوپێیەی زێڕ وەک پەناگەیەکی پارێزراو دەبینرێت لەکاتی دروستبوونی هەر گرژییەکدا نرخەکەی زیاد دەکات و لەکاتی رەوینەوەی دۆخەکەشدا نرخەکەی روو لە نزمبوونەوە دەکاتەوە.