قائیمقامییەتی سلێمانی رێکارەکانی جەژنی قوربان و شێوە رێگەپێدراوەکانی قوربانیکردنی بڵاوکردەوە و دەڵێت، شوێنی ئاژەڵان دەرمانرێژ دەکرێت و تەنها رێگە بە سەربڕێنی ئاژەڵدەدرێت لە سەربڕخانەکاندا.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رێکارەکانی جەژنی قوربان و قوربانیکردنی بڵاوکردەوە و دەڵێت، رێکارەکان بە لەبەرچاوگرتنی پەتای تای خوێنبەربوون دانراون و پێویستە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، رێنماییەکان جێبەجێبکرێن.

قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، سەرجەم ئەو ئاژەڵانەی لە مەیدانی ئاژەڵاندان پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام رێگە نادرێت لەوێ ئاژەڵەکان بکرێنە قوربانی.

ئەوەشی خستەروو، تەنها سەربڕخانەکان رێگەپێدراون بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان، چونکە لەدوای سەربڕینیش پشكنین بۆ گۆشتی ئاژەڵەکە دەکرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵانە بەر لە جەژنی قوربان، قائیمقامییەتی شارەکان رێنمایی تایبەت بە قوربانیکردن بڵاودەکەنەوە و ئەمساڵیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای تای خوێنبەربوون، رێکارەکان توندتر کراونەتەوە.