وەزیری بەرگری ئیسرائیل: لە رێگەی ئاسمانییەوە هێرشمان کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا
هەساو ئەمیر
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٥
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و دوایین فڕۆکەی حوسییەکانیان تێکشکاندووە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت: ئەوەی بە هێز تێنەگات، هێزی زیاتری پیشان دەدەین.
ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن ئەنجامدا و رایگەیاند، لە رێگەی 10 فڕۆکەوە هێرشەکەیان ئەنجام داوە و دوایین فڕۆکەی حوسییەکانیان تێکشکاندووە.
لەو بارەیەوە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، یەک تەقەکردن بە رووی ئەواندا باجەکەی بە قورسترین شێواز دەبێت.
لەبارەی هێرشەکانیشەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، "حوسییەکان جگە لە قۆڵێکی پشت ئێران هیچی دیکە نییە، ئەوانیش بەرپرسیارن لەو "دەستدرێژییە" کە لە یەمەنەوە سەرچاوە دەگرێت".
ئەوەشی خستووەتە روو، "ئەوەی بەهێز تێنەگات هێزی زیاتری پیشان دەدەین، ئەوەی ئازارمان بدات ئازاری دەدەینەوە".
میدیاکانی یەمەنیش لەسەر هێرشەکە دەڵێن، ئیسرائیل چوار هێرشی بۆسەر فڕۆکەخانەکە و فڕۆکەیەکی سەر بە هێڵی ئاسمانی یەمەنی ئەنجام داوە.