لە هەنگاوێكدا بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی گرژییەکانی سنورەكانی باشوری سوریا، بەرپرسانی سوریا و ئیسرائیل بە نهێنی كۆبوونەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، لە كەشێكی نهێنیدا و بە چاودێری توركیا و نێوەندگیری ئازەربایجان، ژمارەیەك لە بەرپرسانی سوریا و ئیسرائیل لە پایتەختی ئازەربایجان كۆبوونەتەوە و كۆبوونەوەكەش بە ئامانجی رێگریكردن بووە لە پەرەسەندنی گرژییەاکانی سنورەكانی باشوری سوریا.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەش، لایەنی ئیسرائیلی نەرمی بەرامبەر سوریا نواندووە و جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، وڵاتەكەی ئامادەیە كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق بكاتەوە، بەڵام تا ئیستا لێپرسراوانی سوریا هیچ لێدوانێكیان لەوبارەیەوە نەداوە.