لە روداوێکی تەقەکردنی هەڕەمەکیدا لە شاری تویسەرکان لە پارێزگای هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران، کەسێک کوژرا و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون، کە سێ کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
مەجید شەماعی، پارێزگاری تویسەرکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "روداوەکە لەسەر رێگای نێوان پارێزگای کرماشان و تویسەرکان رویداوە، کە کەسێکی چەکدار بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە هاووڵاتییان کردووە."
پارێزگارەکە ئاماژەی بەوەکرد کە روداوەکە لە ناوچەیەکی نزیک لە رێگای سەرەکی ڕویداوە و بەو هۆیەوە "ترس و دڵەڕاوکێ و شۆک لای دانیشتوانی ناوچەکە دروستبووە."
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ناسنامەی ئەنجامدەرەکە دەستنیشان بکەن و دەستبەجێ دوای روداوەکە دەستگیری بکەن.
پارێزگاری تویسەرکان گوتی: "تا ئێستا پاڵنەرەکانی پشت هێرشەکە نادیارن."
شەماعی خستەیە رو کە "لێکۆڵینەوەی بەرفراوان دەستی پێ کردووە، دوای تەواوبوونی دانیشتنەکانی لێپرسینەوە و شیکاری ئەمنی وردەکارییەکان ڕادەگەیەنرێن."
ئەم هێرشە دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت لە کوژرانی دادوەرێک لە شیراز.