ئەکسیۆس: ترەمپ لە شەڕی غەززە بێزارە
رەوەز
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٥
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانە لە ئازاری منداڵانی فەلەستینی و داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە "کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنێت".
دوو بەرپرسی کۆشکی سپی بۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەست بە بێزاری دەکات لە شەڕی بەردەوام لە غەززە، هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە، ترەمپ ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە لە وێنەکانی ئازارچەشتنی منداڵانی فەلەستینی و داوای لە یاریدەدەرەکانی کردووە بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڵێن، ترەمپ دەیەوێت "کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنێت".
بەپێی راپۆرتی ئەکسیۆس، سەرچاوەیەکی بەرپرس رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بێزارە لەوەی لە غەززە رودەدات و دەیەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و بارمتەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و هاوکارییەکان بگەنە ناوچەکە، دەیەوێت دەست بکات بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاندووە کە نەتانیاهۆ ئێستا هەست بە فشارێکی گەورە ناکات لە لایەن ترەمپەوە و بەرپرسەکە وتویەتی: "ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بیەوێت رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگرتنی ئاگربەست لە غەززە، دەبێت فشارێکی زۆر زیاتر بخاتە سەر هەردوو لا".
لەم نێوەندەدا، سەرکردەکانی دیکە هەوڵ دەدەن فشار دروست بکەن و سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا رۆژی دووشەممە راگەیەنراوێکی دەرکرد کە تیایدا هەڕەشەی هەنگاوی دژ بە ئیسرائیل دەکەن بەهۆی شەڕی غەززە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئێمە دەستەوەستان ناوەستین لەکاتێکدا حکومەتی نەتانیاهۆ بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەم کردەوە هەڵانە، ئەگەر ئیسرائیل هێرشە سەربازییە نوێیەکەی خۆی رانەگرێت و کۆتوبەندەکانی لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان هەڵنەگرێت، ئێمە هەنگاوی زیاتری بەرچاو دەگرینەبەر وەک وەڵامدانەوەیەک".
نەتانیاهۆ بانگەوازی ئەوروپییەکانی رەتکردەوە و "سەرکردەکانی لەندەن، ئۆتاوا و پاریس"ی تۆمەتبار کرد بە "پێشکەشکردنی خەڵاتێکی گەورە بە هێرشی لەناوبەر دژی ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر".